سینا مینایی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا

18:10 - 19 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەلاوێژ، لاوێکی کورد بە ناوی "سینا (کەریم) مینایی" کوڕی مستەفا خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شاری شنۆ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرا.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ بە تۆمەتی "هاوکاری و ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری و سێ ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەزی١٤٠٠، ئەو لاوە کوردە بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ئازاد کرابوو.

سینا مینایی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر ١٤٠٠، ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ لاوێکی دیکە بە ناوی "عەبدوڵڵا یووسفی"، خەڵکی گوندی "سەوجە"ی شنۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش دەسبەسەرکرانی بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.

سینا مینایی، ساڵی ٩٩، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.