سیمیناری \"سەردار عەزیز خانی موکری\" ساز دەکرێت

16:48 - 18 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لەشاری بۆکان سیمینارێک لەژیر ناوی \"سەردار عەزیز خانی موکری\" لەلایەن ئەنجومەنی شۆرای ئەو شارەوە ساز دەکرێت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سیمیناری سەردار عەزیز خانی موکری بە مەبەستی تاوتوێ کردنی جێگە و پێگەی نیزامی ـ سیاسی عەزیز خان، رۆڵی سەردار عەزیز لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەڕێوە دەچێت.

هەر لەو سیمینارەدا کۆمەڵناسی مێژووی موکریان، جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتی بۆکان و دەسەڵاتدارەکانی ئەو سەردەمە دەخرێنە بەر لێکۆڵینەوە.

بەڕێوەبەرانی ئەو سیمینارە باسیان لەوەش کردووە کە ناوەند و بیاڤی دینی موکریان لەسەردەمی قاجاریشدا دیتە بەر لێکدانەوە و شرۆڤە کردن.

بڕیارە سیمینارەکە لە رێکەوتی ٢٥ و ٢٦ی مانگی خەرمانانی ئەمساڵ لەشاری بۆکان و زانکۆی ئازاد، پەیام نوور و عیلمی ـ کاربوردیی و چەندین ئەنجومەنی دیکەی ئەو شارە بەڕێوە بچێت.

بە وتەی لێژنەی ئامادەکاری سیمینارەکە، ئۆگران دەتوانن بابەتەکانیان لەسەر پرسە پێوەندیدارەکان بە زمانی کوردی و فارسی لە ٢٠ لاپەرەدا بۆ لیژنەی ئامادەکار بنێرن.

عەزیز خانی موکری وەزیری جەنگی سەرەدمی ناسرەدین شای قاجار بووە و لەساڵی ١٢٨٧ هیجری قەمەریدا خاوەنی بیرۆکەی گەڵاڵەی دروستکردنی قەڵای سەرداری شاری بۆکان بووە.