سیمیناری رەخنە و لێكدانەوەی شێعری هاوچەرخی كوردی لە مەریوان بەڕێوە دەچێت.

13:38 - 8 خەزەڵوەر 2711
كوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی، ئەدەبیی مەریوان بە بڵاو كردنەوەی بانگەواوێك، ئاشكرای كردووە، لە رۆژانی 11 و 12ی خەزەڵوەردا سیمیناری رەخنە و لێكدانەوەی شێعری هاوچەرخی كوردی لەو شارە بەڕێوە دەچێت.
بە بەشداریی زیاتر لە 200 شاعێر و نووسەر و رەخنەگر لە پارێزگاكانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، كوردستان، ئیلام و كرماشان بۆ ماوەی دوو رۆژ بە خوێندنەوەی چەندین وتار و بابەتی رەخنەیی لایەنە جیاوازەكانی شێعری هاوچەرخی كوردی لێك دەدرێتەوە.
چەند تەوەر لەو باسانەی كە بۆ خەسارناسیی شێعری نوێی كوردی دیاری كراون بریتین لە:
ـ بە ستاندارد كردنی داهێنان لە شێعری نوێی كوردیدا، تەنگەژە یان دەرفەت؟
ـ دەوری خوێنەر و پێگەی خوێندنەوە لەسەر دەقی نوێ‌
ـ ئەزموونی مۆدێڕنیتە لە شێعری نوێی كوردیدا
ـ رەنگدانەوە و كاریگەریی كۆمەڵگا و فەرهەنگ لە شێعری نوێی كوردیدا
ـ شێعری نوێی كوردی و جوغرافیای زاراوەكانی
ـ ئانتۆلۆژی لە شێعری نوێی كوردیدا
ئەم سیمینارە بڕیار بوو ساڵی 1388 بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی نەدانی مۆڵەت و كێشەكانی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشاد وەدوا خرا.