سیمیناری تاوتوێ‌كردنی لایەنە مێژووییەكانی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەردەوامە

16:09 - 1 رەشەمه 2711
كوردپا: لە درێژەی رێوڕەسمی 66 مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر، سیمینارێك بۆ تاوتوێ‌كردنی ئەو یادە لە هۆڵی رۆشنبیری زانستگای سەلاحەدین پێك هات.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی كوردپا، ئەو سیمینارە كە كاتژمێر 11‌ی سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە دەستی پێكرد، تێیدا چەندین لێكۆلینەوە لەبارەی لایەنە جیاوازەكانی كۆماری كوردستان و كەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد لەلایەن ژمارەیەك مامۆستای زانكۆوە ئەنجام درا.

مامۆستاكان بریتیی بوون لە:
ـ دوكتوور عەبدولباری لە زانكۆی كۆیە (رۆحی فەلسەفی كوردستان لە مەهاباد)
ـ دوكتوور كەیوان ئازاد ئەنوەر لە زانكۆی سلێمانی ( كەسایەتیی پێشەوا دوای 65 ساڵ)
ـ جەعفەر حامیدی لە دەرەوەی وڵات ( بیری نەتەوەیی لە كۆماری كوردستان)
ـ دوكتوور هیمداد حوسێن لە زانكۆی سەلاحەدین ( رۆژنامەوانی كوردیی سەردەمی كۆماری كوردستان)

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی كوردپا لە هەولێر، كۆمەڵێك لە كەسایەتیی سیاسیی، فەرهەنگی و كۆمەڵایەتییەكانی كوردستانی عێراق و ئێران بەشداری ئەو سیمینارە بوون.

رێكەوتی 30 رێبەندان بە ئامادە بوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و نوێنەرانی هەر چوار بەشی كوردستان و ژمارەیەك كەسایەتیی بەرچاوی فەرهەنگی و سیاسیی كورد و بیانی، 66 مین ساڵیادی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.