سیروان قوربانی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا

10:45 - 5 بەفرانبار 2721

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سیروان قوربانی"، خەڵکی کامیاران، پاش دەسبەسەرکرانی، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "سیروان قوربانی لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە".

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی لە یەکێک لە شەقامەکانی کامیاران دەسبەسەر کردووە.

هیزە ئەمنییەتییەکان هۆکاری دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییەیان بەشداریکردنی ناوبراو لە ڕێوڕەسمی پرسە و سەرەخۆشیی "حەیدەر قوربانی"، زیندانیی سیاسیی کورد کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سەرماوەز لە زیندانی سنە لە سێدارە درا، ڕاگەیاندووە.

"سیروان قوربانی"، کوڕی "مەحموود" و خەڵکی گوندی "بزوەش" سەر بە کامیارانە.