"سی‌تی ئێسکەن"ی بۆکان لەبەرەبەری داخران دایە

18:41 - 30 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: دەزگای \"سی تی ئێسکەن\"ی نەخۆشخانەی شاری بۆکان بە هۆی زیانی مادییەوە توانای خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی کوردی نامێنێت.

شیرکەتی \"پێشڕەو دەرمان\"ی بۆکان لە نامەیەکدا بە بەرپرسانی بەشی تەندروستیی راگەیاندووە، لە رۆژی ١ی بەفرانبار بەولاوە بەشی سی‌تی ئێسکەنی نەخۆشخانی شاری بۆکان بەهۆی زیانی مادییەوە توانای خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیانی نامێنێت.

ماڵپەڕی \"بۆکان خاتوون\" لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە، چوونە سەرێی نرخی دراوە بیانییەکان و تێچووی ١٢٠ میلیۆن تمەنیی گۆڕینی \"تیوب\"ی \"سی‌تی ئێسکەن\"ی بۆکان، هۆکاری زیان لێکەوتنی ئەو دەزگایەیە و هەر بەو هۆیەوە لە رێکەوتی دیاریکراودا دادەخرێت.

نەمانی خزمەتگوزاریی دەزگای \"سی‌تی ئێسکەن\"ی شاری بۆکان لە کاتێک دایە کە شیرکەتی \"پێشڕەو دەرمان\"ی ئەو شارە دابین کردنی پزیشک و دانی مووچە لەلایەن بەشی تەندروستییەوە وەک رێکاری دەرباز بوون لەو قەیرانەی دەستنیشان کردووە.

هەروەها لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵیشدا دەزگای \" سی‌تی ئێسکەن\"ی شاری بۆکان بە ماوەی ١٥ رۆژ توانای دانی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان نەبوو.

هەتا ئێستا شاری بۆکان بە حەشیمەتی ٢٢٥ هەزار کەسەوە لە بوونی دەزگای\" MRI\" بێبەرییە.