سیاوەش حەیاتی: پرسی نەتەوەیی سەرەکی‌ترین ئامانجی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانییە

15:19 - 12 رەزبەر 2714

 

ئاژانسی کوردپا: کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی لە کرماشان، لە دووەمین دانیشتنی خۆیدا، ئەندامانی ئەسڵیی و جێگرانی کۆڕێ راوێژکاریی خۆی هەڵبژارد.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی هەینی بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکان و هاووڵاتییانی یارسانی لە شاری سەحنەی سەربە ئوستانی کرماشان، حەوت کەس بە زۆرینەی دەنگی بەشدارانی ئەو هەڵبژاردنە، وەکوو ئەندامی ئەسڵیی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی هەڵبژێردران.

لەو دانیشتنەدا کە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانی و شنگال پارچە شێعرێک لەلایەن سەید قاسم ئەرژەنگ، شاعیری (لەک)ـەوە پێشکەش کرا، سەید روکنەدین شەهریاری، سیاوەش حەیاتی، خەیروڵڵا هەقجوویان، ئەمین عەباسی، حومەیڕا تاهیری، عەلی نەزەری و نووشاد تاهیری وەکوو ئەندامانی ئەسڵیی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی دەستنیشان کران.

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی سەبارەت بە چالاکییەکان و کاری داهاتووی ئەو کۆرە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، \"ئامانجی ئێمە ئەوەیە مافە مەدەنییەکانی کۆمەڵگەی یارسان دەستەبەر بکەین و لەگەڵ ئەوەشدا ئایینی یارسان و وەکوو ئایینێکی سەربەخۆ لە وڵاتی ئێراندا بە فەرمی بناسرێت\".

\"22445.jpg\"

 

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی

وتەبێژی کۆڕی راوێژکاریی چالاکانی یارسانی لە وڵامی پرسیارێکدا کە روانگەی کۆڕی راوێژکاری بە نیسبەت پرسی نەتەوەییەوە چییە، گوتی: لە یەکەمین دانیشتنی کۆڕی راوێژکاریدا رامانگەیاند ئایینی یارسان لەگەڵ ئەوەیکە لە نێو نەتەوەکانی دیکەشدا پەیڕەو و یاری هەیە، بەڵام ئایینی یارسانی ئایینێکی سەربەخۆیە و بناغەکەی کوردییە و هەموو دەق و نووسراوەکانی ئایینی یاری کوردین، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە بتوانین ئایین، فەرهەنگ و زمانی کورد بپارێزین، کەوابوو مەسەلەی نەتەوەیی یەکێک لە بنەڕەتی‌ترین و سەرەکیترین ئامانجەکانی ئێمە\".

ئەو چالاکە یارسانییە، سەبارەت بە ئەنجامی دانیشتنەکانی ساڵی رابردوو لەگەڵ عەلی لاریجانی و بەڵێنییەکانی حکوومەت لەمەڕ بەدواداچوون بۆ ئەو سوکایەتییەی کە بە کۆمەڵگەی یارسانی کرابوو، رایگەیاند؛ \"بەداخەوە لەماوەی هاتنە سەرکاری سەرکۆماری نوێدا هیچکام لە داخوازییەکانمان جێبەجی نەکراوە و تەنیا هێندێک لە گوشارە ئەمنی و فەرهەنگییەکان کەمیان کردووە\".

سیاوەش حەیاتی لەمەڕ حەشیمەتی هاووڵاتییانی کوردی یارسانی لە ئێران رایگەیاند؛ هەتا ئێستا سەرژمێرییەک بۆ روونبوونەوەی حەشیمەتی هاووڵاتییانی یارسانی لە ئێراندا نەکراوە، بەڵام بەپێی بەراوردی خۆمان لە وڵاتی ئێراندا نزیک بە ٢ ملوێن هاووڵاتیی یارسانی هەن و حکوومەتی ئێرانیش حەشیمەتی هاووڵاتییانی یارسانی لە ئێراندا بە ١ ملوێن ئەژمار دەکات\".

هاووڵاتییانی یارسانی لە ئێران، سەرەڕای ئەوەیکە لە یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا بە فەرمی وەکوو کەمینەیەکی ئایینی نەناسراون، بەردەوام لەلایەن دەسەڵاتەوە وەکوو \"فیرقە(تاقم)\" ناویان هاتووەو لە ماوەی چەند ساڵی رابردووشدا دەیان جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە پێکراوە.
\"22438.jpg\"

 


\"22444.jpg\"

 


\"22439.jpg\"

 


\"22441.jpg\"

 


\"22442.jpg\"

 


\"22443.jpg\"

 


\"22440.jpg\"