سیاوەش حەیاتی وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان ئازاد کرا
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردان، "سیاوەش حەیاتی" وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پاش چوار کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان ئازاد کرا.
وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، پاش کۆتاییهاتنی ڕێوڕەسمی نۆهەمین ساڵیادی "نیکمەرد تاهیری" لە شاری سەحنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی هێزە ئینتزامییەکان کرابوو.
ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی جۆزەردان، ڕێوڕەسمێک بۆ نۆهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی ناڕەزایەتیی سێ کەس لە پەیڕەوانانی ئایینی یارسان بە ناوەکانی "حوسێن، نیکمەرد و محەممەد" لەسەر گۆڕی نیکمەرد تاهیری لە شاری سەحنە بەڕێوە چوو و سیاوەش حەیاتی لەو ڕێورەسمەدا چەند وتەیەکی پێشکەش کردبوو.
هەروەها کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە بەیاننامەیەدا بۆ نۆهەمین ساڵوەگەڕی خۆسووتاندنی ناڕەزایەتیی ئەو سێ کەسە لە پەیڕەوانانی ئایینی یارسان، پێداگرییان لەسەر مافی ئینسانی و مەدەنیی یارسانەکان کردبووەوە.