سیاوەش حەیاتی ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا

15:12 - 3 سەرماوەز 2722

سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد، لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان جێگیر لە شاری شاباد، ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاری مەدەنیی یارسان، لەلایەن لقی ٥ی دادگای ئینقلابی کرماشان جێگیر لە شاری شاباد، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگای وتووێژ لەگەڵ میدیاکانی دژبەری حکوومەت و هاندانی بنەماڵەی کوژراوەکانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دوواییانە و بە زاڵم‌ناساندنی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران"، بە پشتبەستن بە مادەی ٥۰۰ی یاسای سزای ئیسلامی، ساڵێک زیندانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان سیاوەش حەیاتی، "هاندانی خەڵک بە کوشتن و شەڕکردن بە مەبەستی تێکدانی تەناهیی ئێران" بووە کە دادگا بەهۆی نەبوونی بەڵگە بۆ سەپاندنی ئەو تۆمەتە بە پشتبەستن به ئەسڵی ۳۷ی یاسای بنەڕەتی و مادەی ٤ی یاسای ئایینی دادڕەسی کەیفەری، سیاوەش حەیاتی بە بێتاوان ناساند.

ڕۆژی شەممە ۱٦ی ڕەزبەر، سیاوەش حەیاتی، وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژکاری چالاکانی مەدەنیی یارسان و سکرتێری بەرەی یەکگرتووی کورد بە کەفالەت ئازاد کرا.

سیاوەش حەیاتی، ڕۆژی هەینی ۱ی ڕەزبەر، لە گوندی "ورگمە"ی شاری داڵاهۆ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و دواتر مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەزبەر لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، بۆ زیندانی دێزڵئاوا ڕاگوێزرابوو.