سیامەند رەحمان، بۆ جاری سێیەم پلەی یەكەمی جیهانی بەدەست هێنا+وێنــه

15:18 - 23 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: سیامەند رەحمان وەزنەبەرداری کەم‌ئەندامی كورد لە ركابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی لە \"دوبەی\" توانی پلەی یەكەمی جیهان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەو وەرزشكارە كوردە توانیویەتی وەزنەیەك بە قورسایی ٢٨٥ كیلۆ، وەكوو \"پرێس سینە\" بەرز بکاتەوە و ئەو وەزنەیە ٤ كیلۆ لە ریكۆردی پێشووی قورستر بووە.

سیامەند رەحمان وەزرشكاری خەڵكی شاری شنۆ لە ركابەرییەكانی \"دوبەی\"‌دا لەسێ‌قۆناغدا توانیویەتی ریكوردی جیهان بشكێنی، كە بەم شێوەیە بووە: قۆناغی یەكەم ٢٧٥ كیلۆ، قۆناغی دووهەم ٢٨١ كیلۆ و قۆناغی سێهەم و كۆتایی ٢٨٥ كیلۆ.

چەند مانگ لەمەوبەریش سیامەند رەحمان لەرەكابەرییەكانی هەڵگرتنی قورسایی بۆ كەمئەندامان، كە لەژێر چاودێریی IPC لەئێران بەڕێوەچوو بوو، توانیبووی لەكێشی سەرووی ١٠٧ كیلۆدا، پلەی یەكەمی جیهانی بۆ خۆی مسۆگەر بكات و ریكۆردی ٢٨١ كیلۆیی لە پرێس سینەدا تۆمار كردبوو.

هەر لەو پەیوەندییەدا ساڵی (٢٠١٢)‌یش لەركابەرییەكانی وەزنەبەرداری پارائۆلەمپیكی \"لەندەن\"‌دا توانیبووی وەزنەی ٢٨٠ كیلۆیی لێبدات.

لەركابەرییەكانی رۆژی هەینی رێكەوتی ٢٢‌ی خاكەلێوەی \"دوبەی\"‌دا لە ٥٩ وڵاتی جیهانەوە وەزنەبەردار بەشدار بوون.

سیامەند رەحمان لە دایکبووی ١٣٦٧‌ی هەتاوییە و یەكێك لە میداڵە زێڕەكانی پێشكەش بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئازەربایجانی رۆژهەڵات، كە گەلاوێژی ساڵی ٩١ رووی دا، كردووە.
\"19265.jpg\"

\"19266.jpg\"

\"19267.jpg\"