سیاسەتی نوێی حکوومەتی ئێران؛ سڕینەوەی بەربژاری "کەمایەتییە ئایینییەکیان" لە فورمی وەرگرتنی کارتی میللی

11:23 - 5 رێبەندان 2719

حکوومەتی ئێران لە هەنگاوێکی نوێدا، بەربژاری"کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکە"ی لە فورمی تایبەت بە وەرگرتنی کارتی میللیی سڕیوەتەوە.

بە سڕینەوەی  بەربژاری "کەمایەتییە ئایینییەکان" لە فورمی تایبەت بە وەرگرتنی کارتی میللی، پەیڕەوانی کەمایەتییە ئایینییەکانی بەهایی، یارسان و مەندائییەکان، لە وەرگرتنی کارتی میللی بێبەری دەبن.

ئەو سیاسەتە نوێیەی حکوومەتی ئێران لە پەیوەندی لەگەڵ دەرکردنی ئەو بڕیارە نوێیە سەبارەت بە سڕینەوەی کارتی میللی بۆ کەمایەتییە ئایینییەکان، دژکردەوەی چالاکانی مافی مرۆڤی لێکەوتەوە.

چالاکێکە مافی مرۆیی لەو بارەیەوە وتی، ئەو سیاسەتە نوێیەی حکوومەتی ئێران، بۆ سەرکوتی پەیڕەوانی کەمایەتییە ئایینییەکانی وەک بەهایی، یارسان و مەندائییەکانە، تاکوو ئەوان بە زۆرەملێ خۆیان بە موسڵمان بناسێنن.

"شیرین عەبادی"، چالاکی مافی مرۆڤ و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نوبێل، لە نامەیەکدا بۆ کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسی لە بەربەستی نوێی دژی کەمایەتییە ئایینییەکان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە کرد و خوازیاری کەڵکوەرگرتن لە تەواوی ئیمکاناتی یاسایی بۆ باشترکردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران کرد.

یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئێران، پاش ئایینی ئیسلام، تەنیا ئایینەکانی دیکەی وەک، مەسیحی، یەهوودی و زەردەشتی، بە فەرمی دەناسێت.