سیاسەتی جیاوازیی و دووبەرکی نانەوە لە شاری نەغەدە درێژەی هەیە

20:50 - 17 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی دەوڵەتی لە شاری نەغەدە سەر بە پارێزگای ورمێ، بە بەردەوامی هەوڵی هەڵاواردن لە نێو دوو نەتەوەی کورد و تورکدا دەدەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتاییەکانی حەوتووی ڕابردوو، شارەداری شاری نەغەدە بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی ناوەندەکانی دیکەی دەوڵەتی، هەوڵی کردنەوەی بازاری شتومەکی سنوورییان دا.

ئەو بازارە بە هێنانی سەرمایەی حکوومەتی، لە گەڕەکە تورک نشینەکانی شاری نەغەدە و بە پشتیوانی تەواوی شارەداریی ئەو شارە، دامەزراوە.

سەبارەت بە کرانەوەی ئەو بازارچەیە و جیاوازی دانان لە نێوان کورد و تورکدا، سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەوە بە هەواڵنێری کوردپای گوت؛ لە ڕاستیدا شوێنی بازارچەکە جۆرێک گۆڕانی بەکارهێنەری لە لایەنی وەرزشی بۆ لایەنی بازرگانی بووە و لە سپاردنی دووکانەکانی ئەو بازارچە، ڕانتە جۆراوجۆرەکانیان بە کەسانی تایبەت لە هاووڵاتییانی تورکی ئازەربایجان داوە.

دەوترێ، بازرگانانی کورد لە ڕێساکانی وەرگرتنی دوکانەکان پراوێز خراون.

یەکێک لە کاسبکارانی شاری نەغەدە، لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئەوەی پشتڕاست کردەوە و گوتی؛ ئەو سیاسەتە ئابوورییە کە دەوڵەت لە پێشی گرتووە لە بازارچەی شتومەکەکان، بە تەواوەتی جیاوازیدانان و ناڕوونی لە ڕەوتی پەرەپێدانی شاری نەغەدە بە شێوەیەکی بەرچاو لەخۆ دەگرێت.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بازاڕچەیە لە گەڕەکە تورک نشینەکان درووستکراوە و بازارچەی \"پەردیس\" کە مێژووەکەی و کۆنییەکەی بۆ ٩ ساڵ دەگەڕێتەوە، پەراوێز خراوە.

بازاڕچەی پەردیس لە گەڕەکە کوردنشینەکان هەڵکەوتووە و هەنووکە بووەتە وێرانە و شوێنی کۆبوونەوەی گیرۆدەبووان و فرۆشیارانی مادە سڕکەرەکان.

یەکێک لە کارناسانی بواری ئابووری سەبارەت بە دۆخی پێشهاتوو لە شاری نەغەدە ڕوونی کردەوە کە؛ ئەو گەڵاڵەیە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژیی بۆکراوە، کە لای باکووری شاری نەغەدە لە حاڵی پەرەسەندندایە و دانیشتوانی ئەو شوێنە هاووڵاتییە تورکەکانن.

ئەو ئابووریزانە ئەو ڕێکارەی بە هەڵاواردنی ئابووری و جۆرێک دووبەرەکی نانەوەی دەسەڵاتدارانی حکوومەت وەسف کرد، کە ئەمنیەتی ئابووریی ئەو شارەی لەگەڵ هەرەشە ڕوبەڕوو کردووەتەوە.

ماوەیەک پێش، یەکێک لە بژاردە کوردەکان لە فەرمانداریی شاری مەهاباد لەگەڵ پارێزگاری ورمێ چاوپێکەوتنی کرد و ڕەخنەی توندی لە دەوڵەت و پارێزگار گرت.

هاووڵاتییانی کورد لە شاری نەغەدە سەبارەت بە بێکاری و کێشەی دامەزراندنی کوردەکان لەو شارە ناڕازی بوون و لە لابردنی کوردەکان لە ژووری هاوفکریی کردنی پارێزگا، ڕەخنەیان گرتووە.

شاری نەغەدە لە دوو نەتەوەی کورد و تورک پێکهاتووە و کوردەکانی ئەو شارە وەک باقی شارەکانی پارێزگای ورمێ لە بواری هەڵاواردنی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەلایەن دەزگاکانی حکوومەتییەوە، دووقات ڕەنج دەکێشن.