سیاسەتی تێکدانی ژینگەی شاری ئەیوان لە لایەن شارەداریی ئەو شارەوە

13:23 - 28 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: شارەداریی شاری ئەیوان سەر بە پاڕێزگای ئیلام، بە بڕینەوە دارە بەتەمەنەکانی ئەو شارە، خەریکی تێکدان و ناشیرین کردنی ژینگەی ئەو شارەیە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەر بڕیاری شارەداریی شاری ئەیوان، ٣٠ داری تەمەن ٥٠ هەتا ٦٠ ساڵ لەسەر شەقامی سەرەکیی ئەو شارە بڕایەوە.

بڕینەوەی دارە بەتەمەنەکانی سەر شەقامی سەرەکیی شاری ئەیوان، بووەتە هۆی تێکدان و ناشیرین کردنی ژینگەی ئەو شارەوە و ئەمەش ناڕەزایەتی خەڵکی ئەو شارەی لە دنیای مەجازیدا لێ کەوتووتەوە.

لەو پەیوندییەدا، یەکێک لە هونەرمەندان و ئەندامی بونیادی ژینگەپارێزی گەڵا و بەڕوو\" بە ناوی داریووش هیمەتی، بە دروست کردنی کلیپێک ئەو هەوڵەی شارەداریی ئەیوانی بە جەنایەتی ژینگەپارێزی ناوزەد کردووە.

ئەو هونەرمەندە کوردە، لە ڕێگای ئەو کلیپەوە داوای لێپرسینەوەی لەو مەسەلەیە لە ڕێگای پارێزگار و ڕاوێژکاری شارەداریی ئەیوان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، دۆزگەری شاری ئەیوان لەو پەیوندییەدا، دژکردەوە نیشان دا و باسی لە سزا دانی شارەداری ئەو شارە کردووە و ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژدا بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

چالاکانی مەدەنیی خەڵکی شاری ئەیوان وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هەوڵەی شارەداریی، ئەو کارە بە تێکدانی ژینگەی ئەو شارە دەزانن.