سی زیندانیی سیاسیی کورد لە مەریوان ئازاد کران

17:46 - 6 خاکەلێوه 2720

ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی خاکەلێوە، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سەڵمان ئەفرا، ئارمان غەفووری و عادڵ پیرووزی" لە زیندانی مەریوان ئازاد کران.

ئازادیی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە لە ژێر ناوی "لێخۆشبوون بەبۆنەی هاتنی نەورۆز و قەیرانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا" بووە و ئەو زیندانییە سیاسیانە کە زیاتر لە ٥ ساڵ حوکمی زیندانییان هەیە، ئەو لێخۆشبوونەوە نایانگرێتەوە.

ڕۆژی شەممە، ٥ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، لاوێکی کورد بە ناوی "سەڵمان ئەفرا" کوڕی "ڕەحمەت"، خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەم لاوە کوردە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتاییدا بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و دواتر لە دادگای پێداچوونەوەدا، ئەم حوکمە سەپاوە بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، "سەڵمان ئەفرا" پاش بانگهێشتکردن بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کرا.

"ئارمان غەفووری" ڕێکەوتی ٨ی گەلاوێژی ساڵی ٩٧، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ٥ مانگ لە گرتنگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بووە.

ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد و لە مانگی بەفرانباری هەمان ساڵ لەلایەن دادگای ئینقلابی مەریوانەوە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

 دادگای پێداچوونەوەی سنە، حوکمی ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیریی "ئارمان غەفووری"، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەریوانی بۆ یەک ساڵ کەم کردەوە.

"عادڵ پیرووزی" خەڵکی گوندی "سەردۆش"ی مەریوان مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٧، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"،دەسبەسەر و پاش دوو مانگ لە دەسبەسەرکرانی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە بە هەمان تۆمەت لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و زستانی ساڵی ٩٨ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرابوو.