سۆعدا خەدیرزادە کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا

12:13 - 31 بانەمەڕ 2722

سۆعدا خەدیرزادە ژنە دووگیانی دەسبەسەرکراوی خەڵکی شاری پیرانشار، پاش ١٢ ڕۆژ مانگرتنی لە خواردن و دەوا و دەرمان، لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "سۆعدا خەدیرزادە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندانی ورمێ لەمەڕ ئازادکرانی کاتیی بە دانانی بارمتە، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "تیمی پزیشکیی چاوەدێریی ئەو ژنە دووگیانە، پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە مانەوەی ئەو ژنە لە زیندان کێشەی بۆ دروست دەکات و ڕاپۆرتی پەیوەندیداریان لەو بارەیەوە ڕەوانەی پزیشکی یاسایی کردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە و کاتی منداڵەبوونەکەی نزیکە".

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سۆعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار کە دووگیانە و دەسبەسەر کراوە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ، مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارە."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زینداندایە و بەهۆی دووگیانی، زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و هەتا دوایی، مانەوە لە زیندان ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە دوو گیانە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.