سۆعدا خەدیرزادە ڕۆژی پاش نەشتەرگەریی سزارییەن و بەبێ چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی گەڕێندرایەوە زیندان

11:51 - 3 پووشپەڕ 2722

سۆعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار کە ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ لەدایک ببوو، پاش ڕۆژێک لە نەشتەرگەریی سزارییەن، ڕۆژی سێشەممە ٣١ی جۆزەردان، بۆ زیندانی ورمێ گەڕێندرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "هەنووکە برینپێچیی (پانسمان) نەشتەرگەرییەکەی لەلایەن هاوبەندییەکانیەوە گۆڕدراوە و بنەماڵەی نەیانتوانیوە لەگەڵ سۆعدا چاوپێکەوتن بکەن و تەنانەت لە دۆخی تەندروستیی ئەو زیندانییە سیاسییە بێئاگان".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "تۆمارکردنی کاروباری ئیداری و دانی باری کەسیەتی (شناسنامە) بۆ کچەکەی سۆعدا، خراوەتە پاش ئازادبوونی لە زیندان".

سۆعدا خەدیرزادە زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار زیاتر لە ٨ مانگە لە زیندانی ورمێ ڕاگیراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لەدایک بوو.

بەرپرسانی زیندانی ورمێ، بنەماڵەی سۆعدا خەدیرزادەیان لە منداڵەبوونەکەی ئاگادار نەکردووەتەوە و تەنانەت ئەوانیان ئاگادار نەکردووە کە لە کام نەخۆشخانە نەشتەرگەریی سزارییەنی بۆ کراوە، هەتا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەگەڵیدا بێت؛ بەرپرسانی زیندان ژنێکی زیندانییان لەگەڵی بۆ نەخۆشخانە ناردووە.

سەرەڕای دۆخی نالەباری دووگیانیی سۆعدا خەدیرزادە کە تیمی پزیشکیی ئاماژەی پێ کردووە، داواکاریی بەردەوامی ناوبراو بۆ ئازادیی کاتی، لەلایەن دادسەرای مەهابادەوە دژایەتیی لەگەڵ کرابوو. دادسەرای مەهاباد داوای بارمتەی قورسی بۆ ئازادیی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کردبوو کە بنەماڵەکەی توانای دابینکردنی ئەو بارمتەیەیان نەبووە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سۆعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار کە دووگیان بوو، لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارە."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زینداندایە و بەهۆی دووگیانی، زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و هەتا دوایی، مانەوە لە زیندان ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.