سۆعدا خەدیرزادە لە زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەرمان گرتووە

11:50 - 11 بانەمەڕ 2722

لە ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سۆعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار کە دوو گیانە و دەسبەسەر کراوە لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ، مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتووە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاندووە: "سۆعدا خەدیرزادە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەهۆی ناڕوونی چارەنووسی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و دەوا و دەرمان".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاندووە: "ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، بەرپرسی زیندانی ورمێ چاوی بەو ژنە کەوتووە و داوای لێکردبوو کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام ئەو ژنە داواکارییەکەی بەرپرسی زیندانی ورمێ ڕەت کردبووه".

سەرچاوەی ئاگادار کوردپا ئەوەشی خستە ڕوو: "سۆعدا خەدیرزادە هەروەها داخوازیی پزیشکەکانی بۆ سۆنۆگرافی ڕەت کردبووە و لە بەکاربردنی دەوا و دەرمان خۆی بواردووە".

ئەو سەرچاوەیەی  کوردپا ڕایگەیاندووە: "هەتا ئێستا ناوەندە ئەمنییەتی و نیزامییەکان ڕێگرن لە ئازادکردنی کاتیی سۆعدا و هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو ژنەیان وەکوو بارمتە ڕاگرتووە".

پێشتر ئەو ژنە هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسییەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زیندان دایە و بەهۆی دووگیانی، زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشیی و پشت ئێشە و هەتا دوایی، مانەوە لە زیندانی ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە دوو گیانە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەرساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.