سۆعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندان منداڵی بوو

12:51 - 31 جۆزەردان 2722

سۆعدا خەدیرزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری پیرانشار کە زیاتر لە ٨ مانگە لە زیندانی ورمێ ڕاگیراوە و چارەنووسی ناڕوونە، ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی جۆزەردان منداڵەکەی لەدایک بوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەرپرسانی زیندانی ورمێ بنەماڵەی سۆعدا خەدیرزادەیان لە منداڵەبوونەکەی ئاگادار نەکردووەتەوە و تەنانەت ئەوانیان ئاگادار نەکردووە کە لە کام نەخۆشخانە نەشتەرگەریی سزارییەنی بۆ کراوە، هەتا یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لەگەڵیدا بێت؛ بەرپرسانی زیندان ژنێکی زیندانیان لەگەڵی بۆ نەخۆشخانە ناردووە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "سەرەڕای دۆخی نالەباری دووگیانیی سۆعدا خەدیرزادە کە تیمی پزیشکیی ئاماژەی پێ کردووە، داواکاریی بەردەوامی ناوبراو بۆ ئازادیی کاتی، لەلایەن دادسەرای مەهابادەوە دژایەتیی لەگەڵ کرابوو. دادسەرای مەهاباد  داوای بارمتەی قورسی بۆ ئازادیی ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە کردبوو کە بنەماڵەکەی توانای دابینکردنی ئەو بارمتەیەیان نەبووە".

هەروەها بە وتەی بنەماڵەکەی، هەنووکە ئەوان نازانن ئەو ژنە زیندانییە سیاسییە لە کام نەخۆشخانەیە.

ڕۆژی سێشەممە ٦ی بانەمەڕ، سۆعدا خەدیرزادە خەڵکی پیرانشار کە دووگیان بوو و دەسبەسەر کرابوو، لە بەندی "نسوانـ"ـی زیندانی ورمێ مانی لە خواردن و دەوا و دەرمان گرتبوو.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە دژکردەوەیەکدا، لەمەڕ بارودۆخی تەندروستیی سۆعدا خەدیرزادە ڕایگەیاندبوو: "دەسبەسەرکردنی سۆعدا دژایەتیی لەگەڵ پێوەرەکانی دادڕەسیی دادوەرانە هەیە و لە ڕوانگەی یاسا نێونەتەوەییەکانەوە ئەم کارە خۆسەرانە دێتە ئەژمارە."

پێشتر ئەو هاووڵاتییە لە دوو نامەدا بۆ دادستانی پیرانشار خوازیاری گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام دادستان و بەرپرسی دۆسیەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە دژایەتییان کردبوو.

سۆعدا خەدیرزادە لەو داخوازییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی خراپ لە زینداندایە و بەهۆی دووگیانی، زەختی خوێن، تووشبوونی گورچیلەی بە نەخۆشی و پشتئێشە و هەتا دوایی، مانەوە لە زیندان ژیانی ئەویان تاڵ کردووە.

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەی ١٤٠٠ ئەو ژنە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.