سۆعدا خەدیرزادە بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

13:16 - 20 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی "سۆعدا خەدیرزادە" کچی "ڕەحیم"، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی دەسبەسەرکرانی سۆعدا نەشتەرگەری "ئاپانتیسـ"ـی بۆ ئەنجام دراوە و ناوبراو لە دۆخێکی نالەباری جەستەییدایە.

ئەو ژنە دووگیانە و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوەدێریی پزیشکی بێبەری کراوە و پێویستی بە چاوەدێریی وردی پزیشکی هەیە؛ هەروەها لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" و "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەر ماوەی دەسبەسەرکرانی کاتیی "سۆعدا خەدیرزادە" بۆ دووەمین جار درێژ کرابووەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەت ئەم هاووڵاتییەیان بەبێ نیشاندانی حوکمی دادوەری دەسبەسەر کردبوو.

 "سۆعدا" خێزاندار و خاوەن دوو منداڵە.

تا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراو، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.