سۆران شەریفی لە زیندانی بۆکان ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا

11:10 - 22 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕ،  سۆران شەریفی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، لە زیندانی ئەو شارە ئیزنی مەرەخەسیی پێ درا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندانی ساڵی ١٤٠٠، ئەو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانان ١٤٠٠ بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

سۆران شەریفی خاوەن دەرمانگای "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی داخستنی ئەو دەرمانگایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەر کردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو و ناوبراو مانگی پووشپەڕی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل، کامپیۆتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.