سۆران شەریفی بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی بۆکان کرا

10:55 - 21 رێبەندان 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، هاوووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سۆران شەریفی" خەڵکی شاری بۆکان، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە، کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە، بە ٧ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی شەممە ٢٠ی خەرمانان بە شێوەی فەرمی بەو هاووڵاتییە، ڕاگەیەندرابوو.

سۆران شەریفی خاوەن دەرمانگای "حەکیم" لە بۆکانە و دادگا حوکمی داخستنی ئەو دەرمانگایەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ دەرکردبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی ئەو هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کردبوو و ناوبراو مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان، ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی"، بێبەری کراوە و هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو لەوانە مۆبایل، کامپیوتێر و کتێبیان لەگەڵ خۆیان بردبوو.