سۆران حەمە رەش: بەهۆی کۆمەڵێک ئەفسانەی فارسی تێکەڵ بە نەورۆزەوە، خەریکە واز لە جەژنی نەتەوەیی خۆمان دێنین

13:28 - 28 رەشەمه 2714
نەورۆز و ساڵی نوێ، هێمای بووژانەوە وەگەڕکەوتنی خوێنی تازە لە دەمار و لەشی مرۆڤدا و توانەوەی سەهۆڵ و پشکوتنی گوڵی گەش و ئاڵە.

لێکۆڵەران و مێژوونووسانی کورد لەسەر ئەوە کۆکن کە، نەورۆز لە دەستپێکەوە لە کوردستان سەری هەڵداوەو لە نێو نەتەوە و وڵاتانی دراوسێ و جیراندا بڵاو بۆتەوە.

ئاژانسی کوردپا بۆ زیاتر روونبوونەوەی لایەنی دیرۆکیی جەژنی نەورۆز و هەروەها لایەنی ئەوستوورەییەکەی و شوێن و مێژووی رسکانی ئەو جەژنە کەونارایە، لەگەڵ سۆران (حەمە رەش) لێکۆڵەر و زمانناسی کورد، دیامنەیەکی پێکهیناوە.

داهێنەر و سەرچاوەی ئەم جەژنە کام نەتەوەیە؟

ئەم ڕووداوە لە بنەچەدا ڕووداوی چیاکانی کوردستانە، بەڵام بەهۆی دێرینیەوە، دابونەریت و بۆچوونی نەتەوە و کۆمەڵگە جیاوازەکانی لەسەر کەڵەکە بووە. کۆنترین بنچەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەری کە جەژنێکی هاوشێوەی ئەو جەژنە بە ناوی (ئێزن ئەکیتو) کە مانای (جەژنی ئەکیتو) دەدات لەلایەن سۆمەریەکانەوە بەڕێوە چووە. سەرنج دەدرێت کە وشەی (جەژن) لە کوردی نوێ و سۆمەریدا هەمان وشە بوون. ئەو جەژنە لە یەکەم مانگی بەهار و لە سەرەتای پاییزدا بەڕێوە چووە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە هەردوو ئەو جەژنانە تا سەردەمێکی نزیک لە کوردەواریدا مابوون. یەکێکیان کە جەژنی نەورۆزە و ئەوی تریان (جەژنی کورد)ە کە تا نزیکی دوو سەد ساڵ لەمەوبەر لە دامێنی چیای دەماوەند دا هەر ئەو جەژنە گێڕاوە. واتە هەردوو شێوە ڕەسەنەکەی لە ناو کورد دا مابوون.

بە بڕوای زۆرێک لە لێکۆڵەرانی کورد و بەسەرنجدان بەوەی کە دەوڵەتی مادەکان دەوڵەتی کوردەکان بووە زیندوو کردنەوەی ئوستوورەی کاوە و راپەڕینەکەی بەدژی زوحاک (ئاژیدەهاک) دوایین پاتشای دەوڵەتی مادەکان، خزمەت بە مێژووی کورد ناکات و هاوکات ئەو چیرۆکە ئوستوورەییە بە هەڵبەستراوی فیردەوسی شاعیری فارس زمان بۆ بەلارێدا بردنی ئەو جەژنە لە قەڵم ئەدەن، ئەوە هەتا چەندە دەتوانێ بۆچوونێکی دروست بێت؟

\"25505.jpg\"
سۆران حەمە رەش: چیرۆکەکەی فیردەوسی سەبارەت بە نەورۆز، لەگەڵ بەڵگەنامە مێژووییەکاندا ناگونجێن
هەندێک لە نووسەرە کوردەکانی ئەمڕۆ، هەوڵ دەدەن تەنها لە سەر بنەمای لێکچوونی ناوێک، ناسنامەی نەتەوەیی بۆ ئەژدەهاک (زوحاک) و کاوەی ئاسنگەر دروست بکەن و دەڵێن گوایە ئەژدەهاک میدی و کاوە فارس بووە و بەو ئاڕاستەیە دەیانەوێت لکێدانەوە بۆ ئەو جەژنە دێرینە بکەن. بەڵام زۆرینەیان پەنا بۆ سەرچاوە مێژووییەکان نابەن و لەسەر بنەمای ناسیۆناڵیستی یان ئایینی بۆچوونەکانیان بنیات دەنێن. جا گەر سەیرێکی سەرچاوە مێژووییەکان بکەین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە کاوە و زوحاک دوو کەسن کە ناسنامەی نەتەوەییان نەبووە. بۆ نموونە هەتاوەکوو هەشت‌سەد ساڵ لەمەوبەر کوردەکان پێیان وابووە کە (زۆری کوڕی زوحاک) قەڵای شارەزووری نوێکردۆتەوە و یاقووتی حەمەوی ئەو بۆچوونە دووپات کردۆتەوە، تەنانەت لە شارەزووردا هەتاوەکوو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک هەبووە بە ناوی (مێرکاوە) هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو. هەندێک لە سەرچاوە ئیسلامیە عەرەبیە مێژووییەکان، تێیدا یەمەنیەکان دەڵێن زوحاک لە ئێمەیە و بووەتە فیرعەونی میسر لە سەردەمی حەزرەتی ئیبراهیمدا. لە کاتێکدا کە هەندێک سەرچاوەی ئیسلامی مێژوویی دەڵێت زوحاک نەمرود خۆیەتی و هەندێکی تر دەڵێن زوحاک پاشای دوای نەمرودە. مێژوونووسی کورد، ئیبنو ئەسیر، کە ئەویش پەنای بۆ سەرچاوەی پێش خۆی بردووە، ناسنامەی نەتەوەیی بۆ کاوە دانانێت بەڵام دەڵێت کاوە ئەسفەهانیە و زوحاکیش بە نەمرود لەقەڵەم دەدات. ئەسفەهانی بوون ناسنامەی نەتەوەیی نابەخشێت و ئەگەر بشمانەوێت ناسنامە بۆ کاوە دابنێین، ئەوا دەبێت ئەوە بزانرێت کە ئەسفەهانی ئەمڕۆ لە سەرچاوە دێرینەکاندا (ئەسپەدان) بووە و شارێکی میدی بووە. مێژوونوسی گەورەی کورد، ئیبن ئەسیر، چیرۆکی فارسەکانی پەیوەست بە زوحاکی بە \"درۆیەک لە درۆ ساردەکانی تری فارس\" لە قەڵەمداوە.
هەروەها ئیبنو خەلدون باس لە بۆچوونی فارس دەکات و بەپێی ئەو، فارس بە روونی لە سەردەمی ئیبنو خەلدوندا زوحاکیان بە پاشایەکی فارسی زۆردار لە قەڵەمداوە. جگە لەوەش وەک باسکرا هەتاوەکوو ساڵی ١٨٢٠ لە دامێنی چیای دەماوەند کە ناوچەیەکی تەواو میدی بووە، ئەو جەژنەی کە لە مانگی هەشتدا کراوە ناوی (جەژنی کورد) بووە کە هەر پەیوەندی بە زوحاک و کاوەوە بووە.

جەژنێک کە لەناوجەرگەی وڵاتی بە ناو ئێراندا پەیوەست بە کاوە و زوحاکەوە بێت و بە جەژنی کوردان دابنرێت، چۆن دەکرێت و لەسەر کام بنەما بکرێتە کێشەی نەتەوەیی لەگەڵ فارس؟ دەبێت ئەوە بزانرێت کە بەشێکی زۆری شانامە وەک داستان نووسراوە و راستە باس لە رووداوی مێژوویی دەکات، بەڵام رووداوی مێژوویی بە شێوەی داستان و بە ئارەزوو و ویستی فیردەوسی و لە بەرژوەندی فارسەکان نووسراون، بۆیە لەگەڵ بەڵگەنامە مێژووییەکاندا ناگونجێن. لە ڕاستیدا بەڵگەیەکی مێژوویی نییە کە ناسنامەی نەتەوەیی زوحاک و کاوە لەیەکتر جودا بکاتەوە. دەبێت ئەوەشمان بیرنەچێت، هەتاوەکوو چوارسەد ساڵ لەمەوبەر کورد، نەمرودی بە (کوردان شا) ناوبردووە و بە یەکەم پاشای خۆی داناوە و وا دەردەکەوێت کە رووداوی زوحاک و رووخاندنی، رووداوێکی دێرینی پێش تۆمارکردنی مێژوو بێت و لە ناوجەرگەی چیاکانی کوردستاندا لە نێوان پاشا و خەڵکەکەدا روویدابێت و خەڵک پاشاکەی خۆیان رووخاندووە و ئەوەش دەماودەم گێڕدراوەتەوە و لە هەر ناوچەیەک بۆچوون و شتی نوێی بۆ زیاد کراوە.

زۆرێک لە سەرچاوە دیارەکان ئاماژە بەوە دەكەن كە ئەو جەژنە پاشماوەیەكی كولتووری ئایینی زەردەشتییە، ئەوە هەتا چەندە دەتوانێ لە راستییەوە نزیک بێت؟

\"25509.jpg\"
سۆران حەمە رەش: ئەوەیکە مایەی سەرنجە ئەوەیە کە (چوارشەما سور) کە یەکەم چوارشەممەی مانگی چوارە و جەژنی سەری ساڵی ئێزدیە
بە داخەوە لە ڕۆژهەڵاتدا زۆر کەس بیروڕای فیکری و ئایینی خۆیان هەیە و دەیانەوێت بەو ئاڕاستەیە خوێندنەوە بۆ هەموو شتێک بکەن. هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت ئەم جەژنە جەژنێکی زەردەشتییە، لە کاتێکدا مێژووی ئایینی زەردەشتی خۆی مێژوویەکی هێندە لێڵە، لە نێوان سەرچاوە مێژووییەکاندا هەتاوەکوو ئەمڕۆ نەتوانراوە مێژوویەکی روون بۆ سەردەمی زەردەشت خۆی دابنرێت. بۆیە ئەم جەژنە ناتوانرێت بە جەژنێکی زەردەشتی دابنرێت. لە ئاڤێستادا ئاماژە بە ئەژدەهاک و رووداوەکە کراوە، بەڵام تەنها باسکردنی، ئەوە نەورۆز ناکاتە جەژنێکی زەردەشتی.

ئەگەر جەژنی نەورۆز جەژنێکی کوردییە، بۆچی نەتەوەکانی دیکەی دراوسێی کورد، هەوڵی دابڕینی ئەو جیژنە لە کورد ئەدەن؟

زۆر رووداو هەیە لە مێژوودا، کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا نەتەوە و خەڵکی‌تر بیروبۆچوونی تایبەتیی خۆیانی دەکەن بەسەردا و هەوڵ دەدەن بیکەنە هی خۆیان. بۆ نموونە نووح و ڕووداوی کەشتیەکە، وەک خۆی لەسەر بەرد لای سۆمەریەکان نووسراوە بە ناوێکی ترەوە و بە هەمان شێوە ئادەم بە شێوەی (ئادەمو) لای سۆمەریەکان باسکراوە. هەمان ئەو دوو کەسە دوایی لە ئایینەکانی جودایزم، کریستیانێتی و ئیسلامدا بە ناوی جیاواز و تۆزێک گٶڕانەوە دووبارە بوونەتەوە. رووداوی زوحاک و کاوەش بە هەمان شێوەیە، بە شێوەی جیاواز و تۆزێک گٶڕانەوە لەلایەن خەڵکی جیاوازەوە گێڕدراوەتەوە و هەر نەتەوە و دەیەوێت بەرگی خۆی بکات بەسەریدا. ئێمەی کورد بڕوامان بە ئەفسانەی فارسەکان کردووە و خەریکە واز لە جەژنێکی نەتەوەیی خۆمان دەهێن، تەنها بەهۆی کۆمەڵێک ئەفسانەی فارسی تێکەڵ بە نەورۆزەوە.

هۆکاری ئەوەی کە کورد لە رابردوودا جەژنی نەورۆزی زیاتر بە جەژنی سەری ساڵ ناو هێناوە، چی بووە؟

هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە جەژنی نەورۆز جەژنی سەری ساڵیشە و وەک پێشتر ئاماژەی پێکرا. پێش دەرکەوتنی جەژنی نەورۆز لە تۆماری مێژوودا، لە سەردەمی سۆمەریەوە جەژنی سەری ساڵ لە مانگی چواردا کراوە و ئەوەی کە مایەی سەرنجە ئەوەیە کە (چوارشەما سور) کە یەکەم چوارشەممەی مانگی چوارە و جەژنی سەری ساڵی ئێزدیە، سۆمەریەکانیش لە هەمان مانگدا جەژنەکەیان وەک ئێزدیەکان کردووە و بە (ئێزن ئەکیتو) ناویان هێناوە. جگە لەوەش شاعیری مەزن، خانی ئەو جەژنە بە هەمان شێوە لە مەم و زیندا بە هەردوو (جەژنا سەر ساڵ) و (نەورۆز) ناو دەهێنێت و لە مەم و زیندا دەردەکەوێت کە کورد نزیکی چوارسەد ساڵ لەمەوبەر لەو رۆژەدا جەژنەکەی بەوپەڕی خۆشیەوە گێراوە.

ئەو بەڵگە و فاكتە سەلمێنراو و مێژووییانەی كە نەورۆز بە كوردەوە پێوەند دەدەن كامانەن؟

پێش ئەوەی کە باس لە زوحاک و نەورۆز بکەم، با باسی حەزرەتی ئیبراهیم بکەم. هەموو سەرچاوە ئایینیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حەزرەتی ئیبراهیم سەرەتا لە ناو خەڵەکەدا بووە، لە هەمان کاتدا چەندین سەرچاوەی ئیسلامی دەڵێن کە لەلایەن کوردێکەوە خراوەتە ئاگرەوە، کەچی هیچ لەو سەرچاوانە ناڵێن حەزرەتی ئیراهیم خۆی کورد بووە.

وەک باسکرا، دوو جەژن هەیە لای کوردان کە پەیوەندی بە چیرۆکی زوحاکەوە هەیە، هەردووکیان لەلایەن کوردەوە و لە پەیوەست بە کورد دا گێڕاوە. لە ڕاستیدا کاتێک کە مێژوونوسی کورد، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، ئەو کەسەی کە یەکەم کتێبی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە، نزیکی هەزار و دووسەد ساڵ لەمەوبەر باس لە بنەچەی دروستبوونی نەتەوەی کورد دەکات، دەیبەستێتەوە بە داستانی کاوە و زوحاکەوە. بۆت دەردەکەوێت لە ڕاستیدا لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو جەژنە پەیوەست بە ڕابردووی کوردەوە بووە.

کورد بۆچی هەتا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ په‌یوه‌ندیی کورد و نه‌ورۆز یا کوردی بوونی نه‌ورۆز بە جیهان بسه‌لمێنێت؟

جارێک پێش ئەوەی کە کورد، کوردی بوونی ئەو جەژنە بۆ جیهان بسەلمێنێت. پێویستە واز لە مامەڵەکردنی ناسیۆناڵیستیانە لەگەڵ جەژنێکی دێرینی خۆی بهێنێت و دەبێت مێشک فروان بینی و قبووڵی ئەوە بکەین ئەو جەژنە ئەمڕۆ جەژنێکی هاوبەشی نێوان چەندین نەتەوەی جیاوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. دەبا هەموومان لەو ڕۆژەدا بەپێی شێوەی بیرکردنەوە و فەرهەنگی جیاوازی خۆمان خۆشی لێببینین و هەموومان وەک نەتەوەکانی ناوچەکە خاوەنی بین، لەبری کێبڕکێیەکی بێ بنەما کە پێموانیە سوود بە دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی کوردی و خۆشی بینین لەو جەژنە مێژووییە بگەیەنێت. با هەموو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات خاوەنی نەورۆز بن و ئەو رۆژە بکەینە سیمبوڵێک بۆ برایەتی نێوان نەتەوە جیاوازەکان.