تاران؛ چوار مانگ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و ناڕوونیی چارەنووسی موجتەبا حاجیان، لاوی ئیلامی
٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٤ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "موجتەبا حاجیان" لاوی ٢١ ساڵانی خەڵكی "ئاودانان"ی ئیلام و دانیشتووی تاران، ناوبراو هێشتا چارەنووسی ناڕوونە و لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت: "موجتەبا حاجیان" لاوی ٢١ ساڵانی خەڵكی ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام و دانیشتووی تاران کە ٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە و بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرابوو و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوو، ئێستا پاش ٤ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە، هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.
زیاتر لە ٤ مانگ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ئەم لاوە تێدەپەڕێت و تاکوو ئێستا هێز و ناوەندە ئەمنییەتییە پێوەندیدارەکان لەمبارەوە وڵامی هیچ پرسیارێکیان نەداوەتەوە و بەدواداچوونی بنەماڵە و کەسانی نزیکیشی بێ ئاکام ماوەتەوە؛ بابەتێک کە نیگەرانیی زۆری سەبارەت بە گیان و چارەنووسی موجتەبا بەدواوە بووە.