بۆکان؛ ڕەسووڵ یادیار پاش ٤ مانگ دەسبەسەرکران و ئەشکەنجەی زۆر بە دانانی بارمتەی قورسی ٦ میلیاردی ئازاد کرا
ئەمڕۆ شەممە ٢ی جۆزەردانی ١٤٠٥، ڕەسووڵ یادیار هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان کە زیاتر لە ٤ مانگ بە شێوەی سەرەڕۆیانە لە ناوەندە ئەمنییەتییەکاندا و بە بێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕاگیرابوو و بە هۆی ئەشکەنجەی توندی جەستەییەوە گیانی لە مەترسیدا بوو، بە دانانی بارمتەی قورسی ٦ میلیارد تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
پێشتر کوردپا لە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٤دا و لە یازدەیەمین ڕۆژی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی ڕەسووڵدا ڕایگەیاندبوو کە ئەو پاش ئەشکەنجەی توندی جەستەیی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتی بۆکان، بۆ دابڕگەی بەندیخانەی بۆکان ڕاگوێزراوە و بە بێ دەسپێڕاگەیشتنی پزیشکی و بە بێ مافی پێوەندی یان چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە، لە دۆخێکی ناجێگیردایە و گیانی لە مەترسیی جیدیدایە. بنەماڵەی ناوبراو بەقووڵی نیگەرانی دۆخی جەستەیی و چارەنووسی ناوبراو بوون.
ڕەسووڵ یادیار شەوی سێشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئیتلاعاتەوە، بە بێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.