سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز لە "مەحموود ساڵحی" و "عوسمان ئیسماعیلی"

11:34 - 16 بانەمەڕ 2720

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، سکاڵای لەسەر "مەحموود ساڵحی" و "عوسمان ئیسماعیلی" تۆمار کردووە و دۆسیەیەکی نوێی بۆ ئەو دوو چالاکە کرێکارییە پێک هێناوە.

"عوسمان ئیسماعیلی"، چالاکی کرێکاری، بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە فەیسبووکی کەسیی خۆیدا، نووسیویەتی: "ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی بانەمەڕ، لەلایەن دادگوستەریی سەقزەوە نامەیەکم پێگەیشت کە خۆم بە لقی ٥ی دادیاریی ئەو شارە بناسێنم و پاش وەرگرتنی نامەکە، ڕۆژی دووشەممە ١٥ی بانەمەڕ، سەردانی ئەو لقەم کرد و خۆمم ناساند و بە دادوەرەکەم ڕاگەیاند کە وەها نامەیەکی بۆ هاتووە، دەکرێت بڵێن دۆسیەکە چییە؟ دادوەر پاش خوێندنەوەی دۆسیەکە ڕایگەیاند، ئیدارەی ئیتلاعات لەسەر تۆ و مەحموود ساڵحی سکاڵای تۆمار کردووە و پاش لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەی ئاگادارتان دەکەینەوە".

ئەو چالاکە کرێکارییە هەروەها نووسیویەتی: "پاش دەستخۆشیکردن لە دادوەرەکە بۆ ڕوونکردنەوەی، پێم ڕاگەیاند کە هەر کات ئێمەتان ئاگادار کردەوە، ئامادەی داکۆکیکردن لە دۆسیەکەمم، بەڵام ئێمە هیچ ئاگادار نین کە ئیدارەی ئیتلاعات بۆ چی لەسەر ئێمە سکاڵای تۆمار کردووە، چوونکە دۆسیەکەیان پێ نەداوین هەتا موتاڵای بکەن."

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی بانەمەڕ، ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، لە ڕێگای تەلەفۆنەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئەماکنی هێزە نیزامییەکانی سەقز کرابوون، بەڵام ئەو دوو چالاکە کرێکارییە لە چوون بۆ ئەو ناوەندە ئەمنییەتییە خۆیان  بواردووە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە بە ئیدارەی ئەماکن ڕایانگەیاندووە کە تەنیا لە ئەگەری وەرگرتنی بانگهێشتنامە دەتوانن سەردانی ئەو ئیدارەیە بکەن.