سکاڵای بنەماڵەیەکی کورد لە بکوژی کوڕەکەیان بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشت

15:11 - 10 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران، حوکمی ئارشیڤ کردنی دۆسیەی کۆڵبەرێکی کوردی گیان لەدەستداوی خەڵکی شاری سەردەشت بڕیوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سکاڵای بنەماڵەی کۆڵبەرێکی کوژراو بە ناوی \"عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی\" خەڵکی \"ڕەبەت\" کوڕی قاسم تەمەن ١٩ ساڵ بە ئاکامێکی دڵخواز نەگەیشت. بنەماڵەی ئیبراهیمی بە دژی مەئموورانی ئەمنییەتی کە کوڕەکەیان دابووە بەر دەسڕیژی گوللە سکاڵایان تۆمار و داوای بە سزا گەیاندنی بکوژی کوڕەکەیان کردبوو، بەڵام لە لایەن دادگای شاری ورمێیەوە، کوڕی ئەو بنەماڵەیە بە تاوانی کۆڵبەری مەحکووم کراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئیبراهیمی بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران بە بیانووی \"پاراستنی سنوورەکان\" حوکمی بێگوناحی بکوژی \"عەبدولڕەحمانی ئیبراهیمی\"یان دەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: دەزگای قەزایی بە بنەماڵەی ئیبراهیمییان ڕاگەیاندووە، کە کۆڵبەری تاوانە و دۆسیەی ئەم کۆڵبەرە گیان لەدەستداوە بەبێ ئەنجامێکی دڵخواز و ڕوون ئارشیڤ کراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی خوێندکار بووە و لە کاتی گەشت و سەیران لە ناوچەی سەردەشت، هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای \"کەپران\" بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو خوێندکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژ، کە گوایە عەبدولڕەحمان کۆڵبەر بووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٧ی بانەمەڕی ئەمساڵ، عەبدولڕەحمان ئیبراهیمی، پاش یەک مانگ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری تەورێز گیانی لە دەست دا.

ناوبراو، خوێندکاری بەشی ژمێریاری زانکۆی \"خوڕەماوا\"ی پارێزگای لوڕستان بووە.