سپیکردنەوەی پارە فیلمی \"شەهرزاد\"ـیشی گرتەوە

21:13 - 4 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرچاوەیەک باسی لە حەقدەستی سەیروسەمەرەی ئەکتەرەکانی فیلمی \"شەهرزاد\"ـەوە کردووە.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان،گرێبەستی چەند کەس لە ئەکتەرەکانی فیلمی \"شەهرزاد\"، لەگەڵ سەرمایەگوزاری ئەم فیلمە، زیاتر لە چەند میلیارد تمەن خەمڵێنراوە.

دوو ڕۆژ پێش،\"نادر فتورەچی\"، نووسەر و ڕۆژنامەوانی ئیرانی لە ئینستاگرامی تایبەت بە خۆی، سەبارەت بە حەقدەستی چوار کەس لە کاربەدەستانی فیلمی شەهرزاد، بەڵگەیەکی بڵاو کردوەتەوە.

لەم بەڵگەیەدا، هێرش کراوەتە سەر \"ڕەزا کیانیان، تەرانە عەلی دووستی و محەممەد هادی ڕەزەوی\".

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی دەنگ و ڕەنگی ئێران، حەقدەستی ئەکتەر \"شەهاب حوسێنی\"، بۆ ماوەی ١٠ مانگ، یەک میلیارد و دووسەد میلیۆن تمەن و \"تەرانە عەڵی دووستی\"نۆسەد میلیۆن تمەن، بەراوەرد کراوە.

جێ باسه ئەم نرخانە کە باس کراوە، بەرانبەر بە ٩٠ساڵ کار و زەحمەتی کرێکارێک لە ئێران دایە.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا، ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دزیی هەشت میلیارد تمەنیی لە سەندوقی پاشکەوتی مامۆستایان بڵاو کراوەتەوە کە دواتر هەندێ لە ماڵپەڕەکان و سەرچاوەکان، باسیان لە خەرج کردنی هەندی لەم پارەیە بۆ بەرهم هێنانی فیلمی شەهرزاد کرابوو.

هاوکات لەگەڵ ئاشکرا بوونی سپیکردنەوەی پارە لە فیلمی \"شەهرزاد\"دا، \"هادی ڕەزەوی\"، بەهەواڵدەریی کوڵتوور و هونەری ڕایگەیاندووە کە؛ \"شەرعەن لە بەرهەم هێنانی فیلمی شەهرزادی دوو، ڕازیی نییە \". بە گوتەی ناوبراو، کاربەدەستانی ئەم فیلمە بە بێ ئیزنی ئەو و دابینکردنی ماف و حەقدەستی ناوبراو بۆ بەرهەم هێنانی بەشی دووی ئەم فیلمە هەوڵیان داوە.