سپای پاسدران خاکی هەرێـمی کوردستانی تۆپباران کرد

19:57 - 2 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان، تۆپخانەکانی سپای پاسداران خاکی هەرێمی کوردستانیان بە توندی تۆپباران کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢ی رەزبەر، تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستی پێکرد.

سپای پاسداران ناوچەکانی\"سیدەکان و باڵەکایەتی\"یان کردە ئامانجی تۆپخانەکانیان.

ئەو تۆپباران کردنە هەتا ئێستا هێچ خەسارەتێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە.

تۆپباران کردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە کاتێک دایە، کە تەنیا ڕۆژێک ماوە بۆ بەڕێوەچوونی گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانە کردنی هێزەکانی بە کەرەستە و چەکوچۆڵی قورسی بۆ شاری شنۆ و دەورووبەری داوە.

ئەو هێزە تەیارانە بە چەکوچۆڵی قورس لە ناوچەی سنووری شاری شنۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان جێگیر کراون.

لە سەرەتای ئەمساڵ هەتا ئێستا سپای پاسداران، چەندین جار خاکی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کردووە و لەو تۆپباران کردنانەدا خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی دەورووبەری سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات گەیاندووە.