سپای پاسدران جارێکی دیکە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تۆپباران کرد

15:13 - 27 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە کرایە ئامانجی تۆپخانەکانی سپای پاسدرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ٢٦ی گەلاوێژ، تۆپخانەکانی سپای پاسدران لە سنووری حاجی عومەران لە ناوچەی چۆمان سەر بە هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج و تۆپباران کرا.

فەرمانداری ناوچەی حاجی عومەران لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند:\" تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووتەوە\".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا، تۆپخانەکانی سپای پاسدران بە شێوەی بەردەوام و پچڕپچڕ دەستیان کردووە بە تۆپباران کردنی ناوچەی حاجی عومەران کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوولەو تۆپباران کردنەدا، خەسارێکی بەرچاوە بە ژینگەی ناوچەی حاجی عومەران کەوتووە.

ڕۆژی دووشەممەی ١٢ی پووشپەڕ، سپای پاسدران ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی وەک بەرزاییەکانی\"هەڵگوردلە \"ناوچەی\"باڵەکایەتی\" و دەورووبەری\" کونەڕی، قەبرۆکان، کێفارستان، ڕێزان و گردوگوی\"ئەو ناوچانەی تۆپباران کردبوو.

پاش تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆپباران کردنی ناوچە سنوورییەکان هەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە مەحکووم و سەر کونسولی ئێرانی لە شاری هەولێر بانگهێشت و داوای ڕوون کردنەوەی زیاتری سەبارەت بە تۆپباران کردنی ئەو ناوچەنەی لێکرد.

بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چەند جارێک ڕایانگەیاندبووە:\"حکوومەتی ئێران و حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو حکوومەتە دەبێ لە ڕێگای وتووێژەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن\".

ساڵی ڕابردوو، سپای پاسداران سێ جار ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان کردبووە، کە دژکردەوەی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێ کەوتبووە.

مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، سپای پاسدران حکوومەتی ئێران تۆپجانەی لە سنووری \"کێلەشین\" سەربە شاری شنۆ لە پاڕیزگای ورمێ جێگر کردبوو.

دەستەواژەی\"ضد انقلاب\" لە ئەدەبیاتی فارسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ کەس یان لایەنێک دەوترێ کە چالاکی سیاسی ئەو کەس و لایەنە بە پێچەوانەی سیاسیەتی فەرەمیی حکوومەتی ئێستای ئێران بێت.