سپای پاسداران، کوردستانی بە چەکوچۆڵ تەنیوە

14:41 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بە هەناردە کردنی لەڕادەبەدەری چەکوچۆڵ و کەرەستەی شەڕ بۆ ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان، فەزای ئەمنییەتی زیاتری بە سەر کوردستاندا زاڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی شنۆ، مەریوان، پیرانشار، سەردەشت و سەقز، شایەتی ڕەوانە کردنی چەکوچۆڵی قورس بۆ سنوورەکانی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانەوە بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: سپای پاسداران لە درێژەی زیاتر میلیتاریزە کردنی کوردستان، ژمارەیەک پایگای نوێی نیزامیی لە کوردستانی ئێران بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان دروست کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورسی لە جۆری تۆپ، تانک، نەفەربەر، کاتیووشا و مینی کاتیووشای لەو پایگایانەدا جێگیر کردووە.

چەند ڕۆژ پێش، فەرماندەییی هێزی پێـشمەرگەی کوردستان، سەر بە حدکا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، ئەم هەوڵانەی سپای پاسدارانی بە نیشانی \"ترس\" لە چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە قووڵاییی خاکی کوردستان\" دەزانێ.

پاش هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران هەتا ئێستا، ڕوانگەی ئەو حکوومەتە بە نیسبەت کوردستان، ڕوانگەیەکی ئەمنییەتی بووە.