سپای پاسداران ڕێگری لە ئازادبوونی محەممەد نەزەری دەکات

21:13 - 2 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لەگەڵ ئازادکردنی یەکێک لە کۆنترین زیندانیانی سیاسیی کوردستان و ئێران دژایەتی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسداران لەگەڵ ئازادکردنی محەممەد نەزەری، زیندانی سیاسی دژایەتی دەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: \"کاتێک محەممەد نەزەری لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج مانی لە خواردن گرتبوو، دۆزگەر لەگەڵ ناوبراو چاوپێکەوتنی کرد و بەڵێنیی ئازادکردنی محەممەد نەزەری دا، بەڵام سپای پاسداران دژایەتی لەگەڵ ئازادبوونی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە دەکات\".

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"سپای پاسداران، داوایان لە محەممەد نەزەری کردووە لە هەمبەر ئازادبوونی لە زیندان، \"توبە‌ نامە\"یەک بنووسێت\".

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەو زیندانییە سیاسییە بە ڕەتکردنەوەی داواکارییەکی سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە \"ماوەی ٢٤ ساڵ بە بێتاوان لە زیندان دام، ئێستا بۆ بێتاوانییەک کە نەمکردووە، تۆبە بکەم\".

ئەو سەرچاوەی هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: \"محەممەد نەزەری پاش ڕەتکردنەوەی داواکاریی سپای پاسداران، خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو (٩٦) بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە\".

محەممەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری \"ساین قەڵا\"، ڕۆژی ٩ی جۆزەردانی ساڵی ٧٣ی هەتاوی، لە لایەن مەئموورانی ئەمنییەتیی سپای ئەبووزەری شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا و هەتا ئێستا لە مافی هەر جۆرە مورەخەسییەکی یاسایی بێبەرییە.

ئەو هاووڵاتییە سەرئەنجام ساڵی ١٣٧٨ حوکمی لەسێدارەدانەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا و هەتا ئێستا لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی‌شاری کەرەج لە دەسبەسەری دایە و لە مافی چوونە مەرەخەسیی بێبەرییە. ئەو زیندانییە سیاسیە، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ خەزەڵوەر ساڵی ٩٦، لە سەر داواکاری محەممەد حوسێن ئاقاسی، پارێزەری دۆسیەی ناوبراو کۆتایی بە مانگرتنە ٩٩ ڕۆژیەکی خۆی هێنا.