سپای پاسداران چەکی قورس لە کوردستان جێگیر دەکەن

15:06 - 4 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران، بە شێوەیەکی فراوان، چەکی قورسی نیزامیان رەوانەی شارەکانی کوردستان کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٣ی ڕەزبەر، سپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران چەکی قورسی و نیوەقورسی لە جۆرەکانی تۆپ و تانک لە شارەکانی سنە، مەریوان و شنۆ جێگیر کردووە.

\"\"هاووڵاتییانی کوردستان پێیان وایە، ئەم کارانەی ڕێژیم بۆ دروست کردنی فەزایەکی ئەمنییەتی لە کوردستان ئەنجام دەدرێت.

سپای پاسداران، تا ئێستا هۆکاری هەناردەکردنی ئەم چەکە قورسانەی بۆ کوردستان باس نەکردووە.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، سپای پاسداران هێزێکی پۆشتەی بە چەکی قورس لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران، لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق جێگیر کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە: سپای پاسداران ١٠ مووشەکی نێوەندبڕی لە ناوچەی \"کێلەشین\" جێگیر کردووە.

حکوومەتی ئێران، هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری بە دیدێکی \"ئەمنییەتی\" چاوی لە کوردستان کردووە.