سپای پاسداران چەک و چۆڵی نیزامیی زیاتر ڕەوانەی کوردستان دەکات

16:15 - 19 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران هەوڵی ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورسی نیزامیی بۆ شاری سنە دەدات و ئەمەش نیگەرانی لای هاووڵاتییانی ئەو شارە درووست کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران هەوڵی ناردنی چەک و چۆڵی نیزامیی بۆ شاری سنە داوە.

ئەو جۆرە چەکانە لە چەک وچۆڵی سووک و قورس پێکدێت.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ماشینە نیزامییەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ئاستی شاری سنەدا لە حاڵی هاتوچۆ و گەڕان دان.

بەرپرسانی سپای پاسداران ئامانج لە ڕەوانەکردنی چەک و چۆڵی قورس بۆ کوردستانیان بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاندووە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کوردستانی ڕۆژهەڵاتی شایەتی شەڕ و تێکەڵچوونی هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

ڕۆژی چوارشەممەی ١٨ی گەلاوێژ، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، باسی لە شەڕ و تێکەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە لەگەڵ سپای پاسداران لە شارەکانی شنۆ و پیرانشار کردبوو.

ئەو حیزبە دەڵێت: لەو شەڕەدا چەندین کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژران و بریندار بوون.