سپای پاسداران پێنج هاوڵاتیی کوردی لە شاری پاوە دەستبەسەر کرد

19:20 - 21 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: پێنج هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری پاوە لەلایەن ئیدارەی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٧ی رێبەندان پێنج هاووڵاتیی کورد لەلایەن مەئموورانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوێنیکی نادیار کران.

ناسنامەی ئەو پێنج کەسە؛ یاسر نادریان کوڕی مەلا تایر و خەڵکی ئاوایی \"نەروی\"، فەرزاد بەزموونە کوڕی مەحموود و خەڵکی \"نەوسوود\"، کەیهان ئەحمەدی خەڵکی ئاوایی \"تشار\"، ئاراس بەهرامی کوڕی جەماڵ و خەڵکی شاری نەوسووس و ناسر باباجانی خەڵکی شاری پاوە، راگەیاندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: ئەو ٥ کەسە رۆژی پێنج‌شەمەمی حەفتەی رابردوو دەستبەسەر کراون و سەرجەمیان خەڵکی شاری پاوە بوون، کە هەتا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا حیفازەت ئیتلاعاتی سپای شاری پاوە بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دەستێوەردانی لە کاروباری هاتووچۆی کۆڵبەرانی سەر سنووردا کردووەو ئەو پێنج کەسەش لە ئەنجامی دەستێوەردانی سپای پاسداران لە مەسەلەی پیلەوەری و هەناردە و هاوردە کردندا دەستبەسەر کراون.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئەم پێج هاووڵاتییە دوابەدوای دەستبەسەر کردنی یەکێک لە کاسبکارانی ناوچەی پاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەتەوە.

بە گوتی ئەو سەرچاوەیە؛ ئەگەری ئەوە هەیە حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەکی دیکە لە هاووڵاتییانی شاری پاوە دەستبەسەر بکات.

خاڵی سنووریی \"شۆشمێ\"ی بەخشیی نەوسوودی سەربە شاری پاوە، کە بە یەکێک لە قەرەباڵغترین خاڵە سنوورییەکانی کرماشان و کوردستانی ئێران دادەندرێت، رۆژانە دەیان تۆن کەلوپەل و کاڵا لەلایەن پیلەوەر و کۆڵبەرانەوە لەو سنوورەدا ئاڵوێڕ دەکرێت.

پێشتریش مەحموود ئەحمەدی نژاد، سەرکۆماری پێشووی ئێران، هێزەکانی سپای پاسدارانی بە قاچاخچی لە قەڵەم دابوو، کە لە سنوورەکانی ئێراندا سەرقاڵی بازرگانی کردنن.