سپای پاسداران ٢٠ هێکتار لە دارستانی ناوچەی مریوان سووتاند

17:20 - 31 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشیکی دیکە لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی \"مەریوان\"یان لە ئاگردا سووتاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵان، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٩ی مانگی گەلاوێژ دارستانەکانی دەوروبەری گوندی \"قوڵقوڵە\" لە ٢٥ کیلۆمیتریی رۆژئاوای شاری مەریوان بەدەستی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ئاگردا سووتا.

یەکێک لە شایەتحاڵان بە هەواڵنیری کوردپای راگەیاند، \"هێزەکانی سەربە سپای پاسداران هۆکاری هاتنە ئارای ئەو ئاگرکەوتنەوەیە بوون و سەرەڕای ئەو ەکە هێچ هەوڵێکیان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەنەدا، دەستبەجێ ئەو شوێنەیان بەجێهیشت\".

ئەو ئاگرکەوتنەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو ٢٠ هێکتار لە دارستانەکانی رۆژائاوای شاری مەریوانی سووتاندووە کە بۆتە هۆی لەناوچوونی بەشێکی بەرچاو لە \"دار بەڕوو\"ەکانی دەورووبەری گوندی قوڵقوڵە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و هاووڵاتییانی گوندی قوڵقوڵە و هەروەها ٦ کەس لە پێرسونێلی ئیدارەی ژینگەپارێزیی شاری مەریوانەوە کۆنتڕۆڵ کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی، هەنگی مەرزی و هێزەکانی ئەرتەش لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەبیانووی هەبوونی هێزە چەکداری حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن، ئاگریان لە دارستان و لەوەڕگەکان بەرداوە و سەرەڕای ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان و چالاکانی ژێنگە پارێزیی کورد، ئەو ئاگرکەوتنەوانە هەتا ئێستا بەردەوامن.