سپای پاسداران هێزەکانی خۆی لە کوردستان زیاتر دەکات

15:35 - 22 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران، هێزێکی نیزامیی زۆر وێڕای چەکی سووک و قورس ڕەوانەی کوردستان دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی جۆزەردان، سپای پاسداران بە ڕەوانە کردنی هێزی زیاتر وێڕای چەکە قورس و سووکەکان بۆ گوندی \"دزڵی\" سەر بە شاری مەریوان، لەم ناوچە و ناوچەکانی دەوروبەریدا دۆخێکی ئەمنییەتی دروست کردووە.

هەواڵنێری کوردپا لە مەریوان وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: \"هەر ئێستا هێلیکۆپتێرەکانی هێزی ئاسمانیی سپا لە ئاسمانی گوندی دزڵی و ناوچەکانی دەوروبەری دەسووڕێنەوە\".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندی \"دزڵی\" بە هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"سپای پاسداران بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ ‌پێشمەرگەی حیزبە کوردەکانی ئۆپوزسیۆنی حكوومەتی ئێران، دەستی بە ڕەوانە کردنی هێزی نیزامیی بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆ ئەم ناوچەیە کردووە\".

لە لایەکی دیکەوە، دوای ڕووبەڕوو بوونەوەی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی حدکا لە \"سیاکێو\"ی شنۆ، سپای پاسداران هێزێکی نیزامی بەرفراوانی ڕەوانەی شاری شنۆ و دەوروبەری کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەم بارەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: \"هێزەکانی سپا بە چەکوچۆڵی قورسەوە لە ناوچەکە بڵاوە پێ کراون و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سپا لە ئاسمانی شنۆدا لە حاڵی سووڕانەوەدان.

چالاکانی سیاسیی کوردستان، ئەم کارانەی سپایان وەک هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە گەشە و کرانەوەی فەزای سیاسی لە کوردستان لە قەڵەم دەدەن.

لە کاتی هاتنە سەرکاری حكوومەتی ئێران هەتا ئێستا، ڕوانگەی حکوومەت نیسبەت بە کوردستان ڕوانگەیەکی \"ئەمنییەتی\" بووە.