سپای پاسداران هێز و چەکوچۆڵ ڕەوانە گوندەکانی شاری بۆکان دەکات

16:01 - 25 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران هێز و چەکوچۆڵی قورس بۆ گوندەکانی دەوروبەری شاری بۆکان ڕەوانە دەکات و فەزای ئەمنییەتی بەسەر ئەو گوندانەدا زاڵ دەکات.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٥ی پووشپەڕ، سپای پاسداران لە ڕاستای میلیتاریزەکردنی کوردستان، هێز و چەکوچۆڵی قورس ڕەوانەی گوندەکانی دەورووبەری شاری بۆکان دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بە بیانووی بوونی هێزەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران لەو ناوچەدایە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: \"لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران بە خاوەن کۆمپاینەکانی ڕایانگەیاندووە، نابێت هەتا دەرنگانی شەو خەریکی دوورینەوەی گەنم بن.

لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی ئیتلاعات بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، تەقەی هێزەکانی ئەم وەزارەتەی لە مسافیرانی ماشینی پراید، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی و موشیرئاوا\" سەر بە شاری بۆکانی پشتڕاست کردووەتەوە.

شەوی پێنجشەممە ٢١ی پووشپەڕ، هێزە حکوومەتییەکان، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی \"گۆگجەلی\" و \"موشیرئاوا\"ی شاری بۆکان، تەقەیان لە ماشینێکی پراید کردووە و یەکێک لە مسافیرانی ئەو ماشینە بە ناوی \"هەژار ڕەزایی\" کوڕی ئیسماعیل، خەڵکی گوندی \"قەڵای هەلاکۆ\" گیانی لە دەست داوە.