سپای پاسداران مامۆستایەکی ئایینیی کوردی لە شاری ورمێ دەسبەسەر کرد

14:16 - 20 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی کورد، خەڵکی ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی رێبەندان، مامۆستایەکی ئایینیی کورد، بە ناوی \"مامۆستا عیسا ئازەری\" پێشنوێژی گوندی \"کورانه\" سەر بە ناوچەی سۆمای برادۆستی ورمێ، لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە، لە کاتی دەسبەسەرکردندا کەوتووەتە بەر لێدانی هێزەکانی سپای پاسداران.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها ڕاگەیاند: ئەم مامۆستایە بە هۆی ڕەخنە، لە بەلاڕێدابردنی پرسە ئایینی و مێژوویییەکانی ئەهلی سونەت، لە لایەن حکوومەتی ئێران، دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووسی ئەم مامۆستایە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ناوبراو بۆ ئاگایی لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە.