سپای پاسداران لە کوردستان دەست لە ڕاوڕووتکردن هەڵ ناگرێت

15:04 - 25 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری کێلە‌شین دەستیان بەسەر ٢٠٠ مەڕوماڵاتی ئاژەڵداراندا گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، ٢٠٠ سەر مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی خەڵکی گوندەکانی \"میراوێ و پێگەڵە\"، سەر بە شاری شنۆ لە سنووری کێلەشین، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە.

هێزەکانی سپای بە ماشینی نیزامیی هەوڵی گواستنەوەی مەڕوماڵاتی دەسبەسەرگیراویان داوە.

هاووڵاتییانی خەڵکی شاری شنۆ، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بە \"تاڵانکردنی ماڵی خەڵک\" دەزانن.

لە ماوەی ڕابردوودا، ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، بە شێوەی سیستماتیک لە شارەکانی پاوە، شنۆ، ورمێ و پیرانشار هەوڵی تاڵانکردنی مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانیان داوە.

هێزە نیزامییەکان لە هێندێک حاڵەتدا، هۆکاری دەسبەسەرداگرتنی مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی کوردستان بۆ \"پێشگرتن لە قاچاغی مەڕوماڵات بۆ هەرێمی کوردستان\" ڕادەگەیەنن، بەڵام ئاژەڵداران ئەم ئیدعایەی هێزە نیزامییەکان بە \"ناڕاست و بێبنەما\" لە قەڵەم دەدەن.