سپای پاسداران لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی کۆنەپایەگاکانی شاری شنۆدایە

15:07 - 4 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە ڕاستای زیاتر میلیتاریزەکردنی کوردستان، لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی کۆنە پایەگاکانی چەند گوندی شاری شنۆدایە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سپای پاسداران، لە ڕێگەی دەستوپەیوەندییەکانی خۆیەوە لە شاری شنۆ، لە هەوڵی نۆژەنکردنەوەی کۆنەپایەگاکانی گوندەکانی \"حەسەن‌نووران، سەوجە، دێشەمس و نەرزیوێ\" شاری شنۆدایە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاند: سپای پاسداران، لە ڕێگای بەسیج و دەستوپەیوەندییەکانی خۆیەوە، لەو گوندانە خەریکی نۆژەنکردنەوەی کۆنە پایەگاکانی پێشووی ئەو گوندانەیە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بەسیج و دەستوپەیوندییەکانی سپای پاسداران، لە هەوڵی واژۆ کۆکردنەوە لە دانیشتووانی ئەو گوندانەدان، بۆ نوژەنکردنەوەی کۆنەپایەگاکان و هەروەها بەڵێنیان داوە کە هەر کەسێک ئەو لاپەڕە واژۆ بکات، لە شاری شنۆ خانووبەریان بۆ ساز دەکەن.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ئەم کارەی سپای پاسداران، ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو گوندانەی لێ کەوتووەتەوە و ئەم هەوڵەی سپا لە ڕاستای ئەمنییەتیکردنی زیاتری ئەو شارە و سەرجەم گوندەکانی شاری شنۆیە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو، سپای پاسداران پایەگاگەلێکی نوێ لە بەرزایییەکانی شاخی شاهۆ دروست کردووە و چەندین چەک لە جۆرەکانی کاتیوشا و تۆپی بۆ ئەو پایگایانە بەڕێ کردووە.