سپای پاسداران لە شاری شنۆ، فەزای ئەمنییەتی_نیزامییان دروست کردووە

15:17 - 27 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران بە ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورس بۆ شاری شنۆ، فەزای ئەمنییەتی_نیزامیی بە سەر ئەو شارەدا زاڵ کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران هەوڵی ڕەوانە کردنی چەک و چۆڵی قورسی بۆ شاری شنۆ داوە و بەشێک لە هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی \"دێ‌شەمس\" و \"قەرەسەقەڵ\" جێگیر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، چەکوچۆڵە ڕەوانەکراوەکان بۆ شاری شنۆ لە جۆری چەکی قورسی وەک تانک، تۆپ و کاتیووشا بوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزەکانی سپای پاسداران، بە مانۆڕی نیزامیی لە ئاستی شاری شنۆ، دۆخی ترس و دڵەڕاوکێیان بۆ هاووڵاتییانی ئەو شارە سازکردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سپای پاسداران بە مەبەستی بەربەرەکانێ لەگەڵ هێزی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران هەوڵی ڕەوانە کردنی ئەو چەکە قورسانەیان داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، سپای پاسداران دانیشتووانی گوندەکانی \"جاشێران\"،\"دەربەند\" و \"حەسەن نووران\"یان خستووەتە ژێر گوشارەوە و داوای هاوکارییان لێکردوون.

چالاکانی سیاسی کوردستان، ئەم هەوڵەی سپای پاسداران بە هەوڵێک بۆ پێشگرتن لە ڕەوتی پەرەسەندن و کرانەوەی فەزای سیاسی لە کوردستانی ئێران دەزانن.

لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هەتاکوو ئێستا، ڕوانگەی حکوومەتی لە سەر کوردستان ڕوانگەیەکی \"ئەمنییەتی\" بووە.