سپای پاسداران لە شاری داڵاهۆ سێ کەسی دەستبەسەر کرد

16:23 - 3 گەلاوێژ 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەم لە شاری داڵاهۆ باسی لە دەستبەسەر کردنی سێ هاووڵاتیی لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕوودانی تەقە کردنی لە نوێنەری شااباد و هاورێکانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی گەلاوێژ، ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەم، سێ کەسی بە تاوانی تەقەی کردن لە کاروانی بەرپرسانی حکوومەتی لە شارستانی داڵاهۆ دەستبەسەر کرد.

هەتا ئێستا ئیتلاعاتی سپای نەبی ئەکرەم، ناوی ئەو سێ هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوەیان لەو ناوچەیە ڕوون نەکردووتەوە.

هەواڵدەریی مێهر لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە، ئەو سێ کەسە لە ئەندامانی حیزبی ئازادی کوردستان لقی ئیلام، ناسراوە بە (پاک)ن و ئەو کردەوەیە ئەوان ئەنجامیان داوە.

ماوەی ١٠ ڕۆژ پێش لەلایەن چەند کەسێکی ناناسراوە لە شاری داڵاهۆ سەر بە پارێزگای کرماشان، تەقە لە نوێنەری شااباد لە مەجلیس ئێران و کاروانی هەیئەتی دەوڵەتی کە بۆ گەشتیاری سەردانی سەیرانگای ڕێژاویان کردبووە، کرد.

لە کاتی ئەو ڕووداوە هیچ لایەنێک بەرپرسایەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە بە ئەستۆ نەگرتبوو، بەڵام هەواڵدەریی تەسنیم نزیک لە سپای پاسداران وتووە: شیمانە دەکرێت کە ئەو کردەوەیە لەلایەن گرووپی پژاکەوە ئەنجام درابێت.

تەقە کردن لە کاروانی لێپرسراوانی حکوومەتی لە ناوچەی داڵاهۆ، کوژرانی بەرپرسی نووسینگەی فەرمانداری داڵاهۆ و یەکێک لە کارناسانی پلەبەرزی دامپزیشکیی پارێزگای کرماشان و هەروەها بریندار بوونی سێی دیکەی لێ کەوتەوە.