سپای پاسداران، دەستیان بە سەر ٢٥ سەر ئەسپی کاسبکاراندا گرت

15:58 - 1 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران لە شاری شنۆ، دەستیان بە سەر ٢٥ سەر ئەسپی کاسبکاران لەو شارەدا گرت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٣١ی جۆزەردان، سپای پاسداران لە شوێنێکدا بە ناوی \"مەندان\"، دەستیان بە سەر ٢٥ سەر ئەسپی کاسبکارانی شنۆییدا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران لەو شوێنەدا هێرشیان کردووەتە سەر کاسبکاران و دەستیان بە سەر ئەسپەکانیاندا گرتووە.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: \"هێزەکانی سپای پاسداران بۆ پێدانەوەی ئەسپی کاسبکاران بە خاوەنەکانیان، داوای بڕە پارەیەکی زۆر دەکەن و لە ئەگەری نەدانی ئەو بڕە پارەیە، سپای پاسداران ئەسپی کاسبکاران دەفرۆشێت.\"

بەپێی بەندی ئەلف لە ماددەی ٢ی یاسای قاچاخ، ئەگەر کەلوپەلی قاچاخ کە نرخەکەی لە یەک ملیۆن تمەن کەمتر بێت، هیچ سزایەکی نییە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەو کەلوپەلانەی کە کۆڵبەران هەڵیدەگرن، لەو ڕێژەیە کەمترە کە ئەو سزایە بیانگرێتەوە، بۆیە دەبێ تەنیا کەلوپەلەکانیان زەوت بکرێت.

کاری کۆڵبەری و کاسبیکردن، تاکە سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە، بەڵام ڕۆژانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە سووکایەتییان پێ دەکرێت و زۆر جاریش بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە.