سپای پاسداران دەستی بەسەر ٥٠٠ سەر مەڕی دوو هاووڵاتیی کورددا گرت

12:10 - 4 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی دووشەممە ١ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران دەستیان بەسەر ٥٠٠ مەڕوماڵاتی دوو هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار بە ناوەکانی "بایەزید نەبی و ئەحمەد عەبدیـ"ـدا گرت.

هێزەکانی سپای پاسداران لە شوێنێک بە ناوی "زوویان" لە گوندی "قەبری حوسێن" دەستیان بەسەر مەڕوماڵاتی دوو هاووڵاتیدا گرت.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن سپای پاسدارانەوە بە "قاچاخی مەڕوماڵات بۆ هەرێمی کوردستان" تۆمەتبار کراون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە ۲۶ی خاکەلێوە، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، جێگیر لە پایگای ۱۰۶ی سنووری شاری سەردەشت، دەستیان بەسەر ٥۰ سەر مەڕوماڵاتی هاووڵاتییەکی کورددا گرتبوو.