سپای پاسداران دەستی بە سەر دەیان سەر مەڕوماڵاتی ئاژەڵداران داگرت

14:43 - 15 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: سپای پاسداران دەستی بەسەر دەیان سەر مەڕ و ماڵاتی مەڕدارانی خەڵکی شاری پیرانشاری لە سنووری نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستاندا گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٤ی ڕەزبەر، دەیان سەر ئاژەڵی مەڕدارانی شاری پیرانشار لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێراندا دەستیان بەسەردا گیراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سپای پاسداران بە بیانووی ئەگەری قاچاغی ئەو مەڕ و ماڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان دەستی بەسەر داگرتوون.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: هێزەکانی سپا بە ماشینی نیزامیی مەڕوماڵاتی مەڕدارانی پیرانشاریان بۆ قەرارگای کازمی لە گۆڕەپانی سدقی ئەو شارە گواستۆتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ٩ی رەزبەریش، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، دەستیان بەسەر زیاتر لە ٣٠٠ سەر مەڕوماڵاتی خەڵک لە شاخەکانی \"کوڕا بەڕی سپی\" لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێدا گرت.