سپای پاسداران داوای چۆڵکردنی دوو گوندی ناوچەی ماکۆ دەکات

14:53 - 30 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە هاووڵاتییانی دوو گوندی ناوچەی شاری \"ماکۆ\" لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوایان راگەیاندووە کە دەبێ گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار؛ ماوەی نزیک بە ٢ مانگە سپای پاسداران سەرەڕای ئەزیەت کردنی دانیشتوانی گوندەکانی \"یەخلخان\" و \"مەلاحەسەن\" لەناوچەی بوورالانی ماکۆ و بڕینی خزمەتگوزاریی ئەو دوو گوندە، داوایان لە دانیشتوانی یەخلخان و مەلاحەسەن کردووە کە دەبێ گوندەکانیان بەجێ بێڵـــن.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی \"یەخلخان\" بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ سوپای پاسداران سەهمییەی سووتەمەنی و تەنانەت ئاوی خواردنەوەی لێ پچڕاندووین و بە هەموو شێوەیەک فشاری هێناوە کە دەبێ گوندەکەمان چۆڵ بکەین.

\"17489.jpg\"
ئەندامانی سپای پاسداران لەدەوروبەری گوندی یەخلخان جێگیر بوون و داوای چۆڵکردنی گوندەکە دەکەن
ئەو هاووڵاتییە کوردە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتیشی: لەماوەی رابردوودا چەندین جار سەرپەرستی بنەماڵەکەنی ئەو ٢ گوندەیان بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کردووە و پێیان راگەیاندوون \"بەهۆی ئەوە کە هاوكاریی هێزە کوردییەکانتان کردووە، دەبێ گوندەکەتان چۆڵ بکەن\".

هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسداران لە پێکدادانەکانی ئەو ناوچەیەدا، سوپای پاسداران بڕی ١٠٠ هەزار تەمەن پارەیان لەبری خوێنی ئەو ئەندامەی سپای پاسداران لەهەرکام لە بنەماڵەکانی ئەو ٢ گوندە ستاندووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، هەنووکە چەند بنەماڵەیەکی خەڵکی ئەو ٢ گوندە بەناچاری زێدی خۆیان بەجیهێشتووە و سوپای پاسدارانیش کە لەو گوندە جێگیر بووە، فشاری هێناوە کە لە ئەگەری چۆڵنەکردنی گوندەکان، خانووەکانتان بەسەردا دەڕووخێنین.

هەروەها باسی لەوەش کرد، ئێستا ئەندامانی سپای پاسداران لە دەوروبەری ئەو دوو گوندە جێگیر بوونە رۆژانە ئازاری هاووڵاتییان ئەدەن و بە شێوەیەکی نەشیاو لەگەڵ هاووڵاتییان هەڵسووکەوت دەکەن و تەنانەت کەسانی بەساڵاچوو کەلە نزیک مقەڕی ئەو هیزانەوە هاتووچۆ دەکەن، لەلایەن ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە \"بشین پاشۆ\"یان پێ دەکرێت.