سپای پاسداران بەرزاییەکانی "چلچەمە"ی تۆپباران کرد

11:40 - 1 پووشپەڕ 2720

ڕۆژی شەممە ٣١ی جۆزەردان، سپای پاسداران جارێکی دیکە بەرزاییەکانی شاخی چلچەمەی لەنێوان سەقز، دیواندەرە و مەریوان، تۆپباران کرد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "بەرزاییەکانی چلچەممە، شاخی دووبرا و شاخی سوڵتان کە لەنێوان شارەکانی سەقز، مەریوان و دیواندەرە هەڵکەتووە، لەلایەن سپای پاسدارانەوە تۆپباران کراون".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "سپای پاسداران بە خەڵکی گوندەکانی ئەو ناوچەیەی ڕاگەیاندووە، هیچ کەسێک بۆی نییە کە مەڕ و ماڵاتەکەی بباتە ئەو شاخە و لە ئەگەری هەر چەشنە ڕووداوێک، خۆیان بەرپرسیارن".

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو: "لە کاتی تۆپبارانکردنی ئەو شاخانە، کارەبا و هێڵی ئینتێرنێتیان پچڕاندووە و تەنانەت هاتوچۆکردنی مەڕدارەکانی ئەو گوندانە بۆ شاخەکان قەدەغە بووە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "ماوەی حەوتوویەکە سپای پاسداران هێزێکی زۆری لە گوندەکانی شاقەڵا، بس، گۆگجە و گوڵچێر جێگیر کردووە".

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، پەیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕایگەیاند: "شەکیبا سەلیمی، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ جەعفەر نیزامپوور و محەممەد  شوکری، دوو ئەندامی تری سپا، لە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکدارانە لە چلچەمە لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، کوژراون".