سپای پاسداران بەرزایییەکانی حاجی عومران تۆپباران دەکات

15:50 - 5 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرزایییەکانی حاجی عومران لە سنووری شاری پیرانشار، کرایە ئامانجی تۆپبارانکردنی سپای پاسدارانەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٥ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران، بەرزایییەکانی حاجی عومران لە سنووری شاری پیرانشار تۆپباران دەکات.

لەو تۆپبارانەدا خەسارتی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتوو و بەشێکی بەرچاویش لە لەوەڕگەکانی ئەو ناوچەیە لە ئاگردا سووتاون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، تۆپبارانکردنی بەرزایییەکانی حاجی عومران، لە لایەن سپای پاسدارانەوە درێژەی هەیە.

لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سپای پاسداران ڕەوانە کردنی چەکوچۆڵی قورسی بۆ کوردستان زیاتر کردووە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە بە دەستی ئاژانسی کوردپا گەیشتووە، سپای پاسداران چەکوچۆڵی قورس و نیوەقورسی لە جۆری تۆپ، تانک و کاتیوشای ڕەوانەی شارە سنووریییەکانی وەک مەریوان، شنۆ و پیرانشار و سەردەشت کردووە.

هاوووڵاتییانی کورد، ئەم هەوڵی سپای پاسداران لە ڕاستای زیاتر میلیتاریزە کردنی کوردستان دەبینن.

\"\"
سپای پاسداران ڕەوانە کردنی چەکوچۆڵی قورسی بۆ کوردستان زیاتر کردووە