سپای پاسداران بە چەکی ئارپیچی تەقەی لە ماشینی هاووڵاتییەکی کورد کرد

11:10 - 2 رەزبەر 2720

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان، سپای پاسداران لە کاتی ڕاودوونانی ماشینی هاووڵاتییەکی کورد، بە چەکی ئارپیچی تەقەی لەو ماشینە کردووە و لە ئاکامدا، چوار کەس گیانیان لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لەو چوار کەسە گیان لەدەستداوەی "خدر بایەزیدی" خەڵکی گوندی "بەرەجۆ"ی سەر بە ناوچەی خەلیفانی مەهاباد ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا، ڕایگەیاند: "هیزەکانی سپای پاسداران لە نزیک گوندی "کۆنە‌دێـ"ـی بەخشی خەلیفان لە جادەی نێوان مەهاباد_سەردەشت، تەقەیان لەو ماشینە کردووە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا گوتوویەتی: "سێ موسافیری ئەو ماشینە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان بوونه".

هەتا ئێستا سپای پاسداران و هیچ لایەنێکی سیاسیی لە کوردستان لە مەڕ ئەو ڕووداوە هەڵوێستیان نەبووە.

سپای پاسداران تەرمی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی لەگەڵ خۆیان بردووە و لە ڕادەستکردنەوەی تەرمی ئەو چوار هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرێ.