سپای پاسداران بە پەهپاد و مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەر، بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران کەوتنە بەر ئامانجی هێرشی پەهپادی و مووشەکی سپای پاسداران.
سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی هێرشی پەهپادی و مووشەکی کردووە سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان.
هاوکات لەگەڵ هێرشی پەهپادی و مووشەکی بۆ سەر بارەگاکانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، سپای پاسداران بەرزاییەکانی "بەربەزین" و "سەقەڕ"ی لە قەزای سیدەکان لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان بوردوومان کرد.
لەو هێرشانەدا، ڕێبوار عەبدی خەڵکی سەقز و ئاسۆ توانا خەڵکی بۆکان، دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و ٨ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر، دوابەدوای هێرشە پەهبادی و مووشەکییەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و کەمپی پەنابەرانی سیاسیی ئەم حیزبانە لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، ١٧ کەس گیانیان لەدەست دا و ٤٩ کەس بریندار بوون.